
نوسینی به‌کر ئه‌حمه‌د
1ـ 2
ئاگادارییه‌کانی کار، به‌شیک له ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ئه‌مڕۆ پێکده‌هێنێت. بوونی ده‌رفه‌تێکی واهی له‌مڕۆکه‌دا، نیشانده‌ری ئاڵوگۆڕێکی گه‌وره‌یه له بازاڕی کاری کوردستاندا. به‌ڵام به‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه زۆر نوێیه‌و بازاڕ له کوردستاندا، هیچ چوارچێوه‌یه‌کی یاسایی له‌خۆناگرێت له په‌یوه‌ند به‌یاسای کاره‌وه، "بازاڕی ئازاد"، ئازادتر له‌و بازاڕه‌ی لیبرالیزمی بازاڕ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کا، سه‌رنجدانێکی ئه‌م گۆشه بچووکه‌ی ڕۆژنامه‌کان، ده‌کرێ جێگای تێڕامانێکی گرنگ بێت. تا له‌وێوه سه‌رنجێک له‌و به‌هاو پێوه‌ره ئهخلاقیو کۆمه‌ڵایه‌تییانه بده‌ین که په‌یوه‌ندییه‌کی گرنگیان به پرسیاره‌کانی مافی یه‌کسانی هاوڵاتییانو مامه‌ڵه‌کردنی چوونیه‌کی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. ئاگادارییه‌کانی کار، ته‌نها زه‌نگلێدانی خاوه‌نکار نییه بۆ گه‌ڕان به شوێن تواناییهکدا که ده‌کرێ له بازاردا ههبێتو له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه خوازیاری دۆزینه‌وه‌یه‌تی. به‌ڵکو ئاگادارییه‌کانی کار، ئاوێنه‌ی ئه‌و نۆرم‌و به‌ها گشتییه کولتوریی‌و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ن که له کۆمه‌ڵگادا، به‌رهه‌مده‌هێنرێنه‌وه.
به‌وه‌ی ئه‌م گۆشانه سه‌رچاوه‌ی قازانجی مادی رۆژنامه‌کانه، مه‌رجدانان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌و نه‌کردنه‌وه‌ی داخوازییه‌کانی خاوه‌نکار، ده‌کرێ به زیانێکی ماددی بۆ ڕۆژنامه‌کان ته‌واو بێت. هاوکاتیش به‌وه‌ی ئه‌م بازاڕه نوێیه‌ی ڕیکلامو ئاگاداری خاوه‌نی ترادیسیۆنی ڕه‌گداکوتاوی خۆی نییه‌و مێژوویه‌کی درێژی له‌گه‌ل ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا نییه، هێشتا سیسته‌مێکی تایبه‌تی به خۆ‌و کولتورێکی تایبه‌تی له کوردستاندا پێکنه‌هێناوه، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که گرفتی مادی به‌شێکی رۆژنامه‌کان هه‌لومه‌رجێکی وا بێنێته پێش که هه‌ر جۆره ڕیکلامێک بۆ رۆژنامه‌کان بنێردرێت، بێ هیچ دوودڵییه‌ک بڵاوبکرێنه‌وه. به‌ڵام چه‌ند خاوه‌نکار ئازاده، مهرجو داخوازیه‌کانی کار له ئاگادارییه‌کدا فۆرمۆله بکات؟ چه‌نده ئه‌و له ناوهێنانی تواناییه‌کانی کارمه‌ند یان کرێکار‌و ریزکردنی مه‌رجی ئه‌وه‌ی ههبێتو ئه‌مه‌ی نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئازادی ڕادهربڕینو ڕۆژنامه‌گه‌ری‌و بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌کانی یاساکانی دژه هه‌ڵاواردندا دێنه‌وه؟
بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر، من له به‌شێکی تایبه‌تی ئه‌م وتاره‌دا، دێمه سه‌ر پێناسه‌کردنێکی چه‌مکی هه‌ڵاواردن که بابه‌تی سه‌ره‌کی من ده‌بێت بۆ وردبوونه‌وه له‌م ئاگادارییانه، ئه‌ویش له‌به‌ر ڕۆشنایی بڕیارنامه‌کانی ئه‌وروپای یه‌کگرتوودا که زۆربه‌یان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی ئه‌م جوگرافیا ئابوورییه‌وه پهسهندکراونو به‌شێکی دانه‌بڕاو له سیسته‌می دادی کۆمه‌ڵگاو یاساکانی بازاڕ‌و یاسا مه‌ده‌نییه‌کان پێکده‌هێنێت. به‌ڵام ئه‌م پرسیاره له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، به یه‌کێک له ژووره تاریکه‌کانی ناخی کۆمه‌ڵگای کوردستان دادهنرێتو تا ئێستا، به بڕوای من، تیشکی نه‌خراوه‌ته سه‌ر.
ئه‌م نووسینه هێنده‌ی ڕووی ده‌می له سه‌رنووسه‌رو به‌رپرسیارانی ڕۆژنامهکانو به‌شی ریکلامی ڕۆژنامه‌کانه، که‌متر به‌لای خودی ئاگادارییه‌کاندا ده‌چێت. خاوه‌نکار داخوازییه‌کانی خۆی چۆن فۆرمۆلێره ده‌کات، چ جۆره هێزی کارێکی پێویسته، ده‌کرێ وه‌ک داخوازییه‌کانی خاوه‌نکار سه‌رنجی بدرێتێ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌یه‌کدا وه‌ک ئاگادارییه‌کی کار شوێنی بۆکرایه‌وه، به‌رپرسیارێتی ده‌که‌ویته سه‌ر رۆژنامه‌و ڕۆڵی پره‌نسیپه ڕۆژنامه‌وانییه‌کان ده‌که‌وێته کار.
هه‌ر وه‌ک چۆن ئازادی ڕادهربڕینو ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌سه‌رماندا فه‌رزده‌کات، هه‌موو شتێک نه‌خرێته سه‌ر کاغه‌ز، به‌وه‌ی ناکڕێ سنووری هه‌ندێک له ئازادییه‌کانی دیکه ببه‌زێنرێت ، ئازادنه‌بوون له ده‌ربڕینی هه‌موو شتێکدا هه‌ر به ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه، بۆ نموونه بێحورمه‌تیکردن به کهرامهتو شه‌خسیه‌تی تاک، به هه‌مان شێوه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ڕۆشنایی هه‌مان ئازدیدا، ئازادی فرۆشتنی هێزی کارێش داوامان لێده‌کات که له ئاگادارییه‌کانی کاریشدا به‌وه‌ی له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌کانه‌وه خۆیمان پیشانده‌دات، سنوورێک دیار بێت به‌وه‌ی ئه‌م هێزی کاره چۆن ده‌فرۆشرێت. ئه‌م پرسیاره قه‌ت له مێژووی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی که ئه‌مڕۆ خۆیی‌و حزبه‌کانی سوکانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه نه‌کراوه‌و له ئاینده‌یشدا ئاماده نییه بیکات. به‌ڵام هاوکاتیش په‌یوه‌ندی به سه‌ره‌تاییترین ئازادییه‌کانی ئینسانه‌وه هه‌یه له چوارچێوه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا. ئاخر یه‌که‌مین ئازادییه‌ک که ئینسان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌دا هه‌یه‌تی، ئازادبوونی ئه‌وه له فرۆشتنی هێزی کاری‌دا. ڕه‌نگه یه‌کێک له‌و گرنگییانه‌ی ئاگادارییه‌کانی کار پێمان بڵێت، چۆنێتی ئه‌م پڕۆسه‌ی کڕێنو فرۆشتنه بێت. پرسیارێک که هیچ کات بۆ ڕووناکبیرانی کۆن‌و تازه‌ی کوردستانیش ، جێگای تێرامان‌و پرسیارلێکردن نه‌بووه‌و له خانه‌ی پرسیاره‌کانی ئازادی‌دا، به ده‌ربڕینی:" لا محل له من الاعراب"، مامه‌ڵه‌ی پێکراوه.
کۆششی من له‌م نووسینه‌دا، بۆ مقهستتێخستنێکی ئازادانه‌ی هه‌ندێک له ئاگادارییه‌کانی کاری به‌شێکی که‌می ڕۆژنامه‌کانی کوردستانه، تا له‌وێوه سه‌رنجی ئه‌و پێشێلکارییانه بده‌ین که له پڕۆسه‌ی فرۆشتنی هێزی کارداو له ناواخنی ئاگادارییه‌کانه‌وه ده‌نگهه‌ڵده‌بڕێت. دیاره ئه‌ویش به مه‌به‌ستی فراوانکردنی پانتاییه‌کانی ئازادی نووسین‌و ڕادهربڕینو خستنه‌ژێرکۆنترۆڵی ئه‌م گۆشه بچووکانه‌ی ناو ڕۆژنامه‌کان که ڕه‌نگه زۆر که‌س بیخاته ده‌ره‌وه‌ی کاری ڕۆژنامهگهرییهوهو وه‌ک ئاگادارییه‌کی ساده چاوی لێبکات‌و له ده‌ره‌وه‌ی ئازادییه‌کانی دیکه‌دا سه‌رنجی بدات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، سه‌رنجدانی هه‌ندێک له‌و ئاگاداریانه، کارێکی سه‌ره‌تایی دهبێتو دواتریش ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی گرنگی باسه‌که‌مان.
ئاگادری یه‌که‌م : " بانکێکی تازه له سلێمانی پێویستی به فه‌رمانبه‌ر هه‌یه له هه‌ردوو ڕه‌گه‌زو به پێی ئه‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه: (بوونی شاره‌زایی له‌بواری کاری بانکیدا له ماوه‌ی سێ ساڵ که‌متر نهبێتو له پێنج ساڵ زیاتر نه‌بێت، ته‌مه‌نی له 30 ساڵ زیاتر نه‌بێت").
ئاگاداری دووه‌م: له کۆمه‌ڵه‌ی "خه‌ڵک بۆ گه‌شه‌پێدانه‌وه"
ئاڕاسته‌کاری مه‌یدانی ده‌رباره‌ی به‌رپرسیارێتییه‌که(پله دووه له‌ڕیزبه‌ندی به‌رپرسیارێتی ڕێکخراوه‌ییدا، ئه‌ندامی به‌رزترین یه‌که‌ی ڕێکخراوه‌ییه له‌ڕووی به‌رێوه‌بردنی ستراتیژییانه‌ی ڕێکخراوو بڕیاردانه‌وه، به‌رپرسیارێتی ئاڕاستهکردنو به‌ڕێوه‌به‌ری ستراتیژی چه‌ندین پڕۆژه‌ی ڕێکخراوه‌یی ده‌کات له ناوچه جیاوازه‌کانی کاری ڕێکخراوه‌ییدا).
شوێنی کارکرن: پێویسته نیشته‌جێی یه‌کێک له پارێزگاکانی هه‌ولێر یان سلێمانی یان که‌رکوک بێت
تێبینی: ئه‌م کاره ته‌نها بۆ ڕه‌گه‌زی مێینه‌یه.
ئاگاداری سێیه‌م: ئاگادارییه‌ک له ژووری بازرگانی‌و پێشه‌سازی عێراقی ئه‌مریکییه‌وه
پۆسته‌کان:(وه‌رگێڕ له زمانی فارسی بۆ زمانی عهرهبیو کوردی، کارمه‌ندی ئیداری ڕێکخستن، کارمه‌ندی پێشوازی میوانان، هاوکاریکردن، "باشتره له ره‌گه‌زی مێ بێت")
پرسیاری هه‌ڵاواردن" discrimination له بازاڕی کاردا
"دیسکریمینه‌یشن" له هه‌موو زمانه جیهانییه‌کاندا، جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه‌و قورساییه‌کی گه‌وره له زه‌ینی ئینساندا پێکده‌هێنێ. بنه‌مای لاتینی وشه‌کهdiscrimen که به‌مانای جیاوازیکردن دێت. ڕه‌نگه باشترین وشه له‌به‌رانبه‌ریدا له زمانی کوردی‌دا، "هه‌ڵاواردن " بێت. وشه‌یه‌ک که هیچ بنه‌مایه‌کی کولتوری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی له ئاستی زمانه‌وانیدا پێکنه‌هێناوه‌و له ئاستی به‌کارهێنانی ڕۆژانه‌یشدا، له جێی نه‌بوانه. هه‌ڵاواردن له‌و شوێنه‌دا ده‌که‌وێته سه‌ر زار که گروپێک یان تاکێک که سه‌ر به‌و گروپه‌یه، یان وه‌ک ئه‌ندامێکی سه‌ر به‌و گروپه چاویلێده‌کرێ،له لایه‌ن گروپێک یان تاکێکی سه‌ر به گروپێکی دیکه‌وه ، مامه‌ڵه‌یه‌کی جیاوازتری پێده‌کرێت هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به کاتیگۆرییه‌کی تایبه‌تییه. ته‌مه‌ن، ڕه‌گه‌ز، که‌مئه‌ندامی، سه‌ر به گروپێکی ئایینی یان ئه‌تنی ده‌کرێ هه‌ندێک له‌و کاتیگۆرییانه بن که دووچاری هه‌ڵاواردن ده‌بنه‌وه. هه‌ڵاواردن ده‌کرێ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ بێت، ده‌کرێ له نێوان تاکو گروپه‌کاندا بێت، یان ده‌کرێ سیستیماتیزهکراو بێت وه‌ک مامه‌ڵه‌ی ده‌ستگای دهوڵهتیو ئهنستیوتیتی جیاواز که له ڕێگه‌ی یاسای تایبه‌تییه‌وه پشتگیری لێده‌کرێت. به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا ، ئه‌وه‌یه که ئه‌وه‌ی که به پره‌نسیپی ئینسانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست له قه‌ڵه‌م ده‌درێت که تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌بێ چوونیه‌ک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت، وه‌ک پرهنسیپێکو پێوه‌رێک تێکده‌شکێنرێت.
کۆمه‌ڵگای کوردستان، کۆمه‌ڵگایه‌که سه‌رتاپای نوقمی ههڵاواردنهو تا ساته وه‌خته‌کانی ئێستایش ئێمه ناوێکی تایبه‌تیمان بۆ ناوبردنی له زمانی ئاخاوتنی کۆمه‌لگاو کولتوری ڕۆشنبیریدا نییه. هۆکاری ونبوونو گومناوبوونی ده‌سته‌واژه‌ی "هه‌ڵاواردن" له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌و کولتوری ئاخاوتنی کۆمه‌ڵگادا، به بڕوای من، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باڵاده‌ستی کولتوری سته‌می میللی‌و باڵاده‌ستی گوتاری ئه‌و بزووتنه‌وه سیاسییه‌ی که خۆی کردۆته زمانحاڵی ئه‌م جه‌وره‌ی سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان.
زمانی سیاسهتو زمانی ئاخاوتنی گستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، بارگاوییه به‌و ئه‌ده‌بیاته سیاسییه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کورد له ئاستی زمانه‌وانیدا خوڵقاندوویه‌تی. بۆیه‌ش هه‌رچی ده‌ردو مه‌ینه‌تییه‌کی ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵکی کوردستان ده‌بێته‌وه، به جۆرێک له جۆره‌کان، ده‌چیته‌وه سه‌ر هه‌مان ده‌رد، سته‌می میللی له‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان. نههامهتیو ژیردهستهیی ژنان له کوردستاندا، له‌م چوارچێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئازادنه‌بوونی نیشتیمان وژنانی کورد ناتوانن ئازاد بن تا نیشتیمان ئازاد نه‌بێت. ته‌واوی مه‌ینه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی، نه‌بوونی، بێ‌کاری، پله‌و پایه‌ی جیاوازی ئینسانه‌کان له به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، هه‌مووی به قهرزدهدریت به ڕزگارکردنی نیشتیمان. جا تۆ ئه‌گه‌ر که‌مئه‌ندامیت وخوازیاری په‌یداکردنی کاری، له ناو چوارچێوه‌ی ئه‌م بیرکردنه‌وه زاڵه‌دا، ده‌درێیته ده‌ست ڕه‌حمو به‌زه‌یی "پیاو"چاکانی کۆمه‌ڵگاو له باشترین حاڵه‌تیشدا، سواڵکردن ده‌کرێته کاری ههمیشهیتو "فه‌قیرانه" ده‌بێته بهزهییو دڵفراوانی ده‌سه‌ڵات له به‌رانبه‌رتا.
هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م بزووتنه‌وه سیاسییه‌شدا، هه‌ڵاواردن ده‌کڕێته کولتور‌و ستره‌کچه‌ری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی دروستدهکڕێت. تۆ نا‌توانیت، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ک بیت ئه‌گه‌ر ڕه‌نگی بیرکردنه‌وه‌ت، له ڕه‌نگی ئاڵای ئه‌و حیزبه نه‌چێت که ده‌سه‌ڵاتی نان‌و ژیانی تۆی به‌ده‌سته‌وه‌یه.
به کورتییه‌که‌ی، تۆ وه‌ک هاوڵاتی، له ساده‌ترین مافه‌کانی خۆت بێبهشدهکرێیت به هۆی جۆری بیرکردنه‌وه‌و ئینتیمای سیاسیتهوه. کاتێک ده‌سه‌لاتی سیاسی ههڵاوردنو مامه‌ڵه‌ی جیاواز به هاوڵاتییان ده‌کاته پڕۆژه‌یه‌کی سیاسی، گوومانی تێدا نییه که له مامه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی هاوڵاتیانیشدا ره‌نگده‌داته‌وه‌و ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه خۆیدهکێشێته یه‌ک به یه‌کی جومگه‌کانی دیکه‌ی ژیانه‌وه. ته‌نانه‌ت به‌شێکی زۆری سیاسه‌تی به‌عس له به‌رانبه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا، ده‌چێته خانه‌ی پرسیاره‌کانی هه‌ڵاواردنه‌وه. وه‌رنه‌گرتنی قوتابی کورد له کۆلیژی سهربازیو نه‌بوون به مامۆستا ئه‌گه‌ر "حه‌به‌که‌ت" قوتنهدایه، به‌هۆی کوردبوونی ئه‌وانه‌وه، پراکتیکێکی پڕ له هه‌ڵاواردنی دژ به ئینسانه‌کان بووه‌و له ژێر چه‌تری سته‌می میلیدا، جێگای بۆ کراوه‌ته‌وه.
باس‌و جه‌ده‌له‌کانی هه‌لاواردن، زیاتر به‌رئه‌نجامی ژیانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ن که هه‌مه‌ره‌نگی له شێوه‌ی فره‌نه‌ته‌وه‌و ئایین‌و "ڕه‌گه‌ز"ی جۆراوجۆردا کۆیکردوونه‌ته‌وه‌و ئه‌م تێکه‌ڵه له جیاوازیی بۆ ئینتیمای جۆراوجۆر‌و بوونی ده‌سه‌ڵاتی جۆراوجۆری ئه‌م گروپانه، پێکه‌وه‌ژیانی ئه‌وانی کردۆته جه‌نگێکی دیار‌و نادیار بۆ لهڕیزدهرکردنی یهکتریو شوێنپێچۆلکردن به‌وی دی به مه‌به‌ستی به ده‌ستهێنانی ئیمکاناتێکی زیاتر. ڕه‌شبوون له ئهمریکادله زه‌مه‌نێکدا، یانی مافی سوارنهبوونی پاس‌و ده‌رنه‌که‌وتن له زۆر شوێنه گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگادا. ژن‌بوون له کوردستاندا، یانی بێبهشکردنو خستنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و له مافی ده‌ستڕاگه‌یشتن به توالێتدا له شوێنه گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگاداو کاتی چوون بۆ ڕێستوران، یانی ڕه‌وانه‌کردنی ئه‌و بۆ به‌شی تایبه‌تی خێزان له هه‌ر ڕێستوڕانێکی ده‌ره‌جه پێنجیشدا بێت. که‌مئه‌ندامبوون، یانی بێبه‌شکردنی تۆ له مافی سواربوونی پاس‌و ......هتد.
به‌ڵام کاتێک کۆمه‌ڵگایه‌ک که هێشتا خه‌ونی هۆمۆجێنبوونی خۆی له‌ده‌ستنه‌داوه‌و پێیوایه هه‌موو تاکه‌کانی له‌یه‌کده‌چن، ده‌رفه‌تی ده‌رکه‌وتنی جیاوازییه‌کانی نێوان ئینسانه‌کان دهچهپێنێتو هه‌ر تاکێک که له نۆرم‌و به‌های زاڵ ناچێت، یان له ڕیزه‌کانی خۆی ده‌ریده‌کات، یان له ناو خۆیدا دهیتووێنێتهوهو وه‌ک خۆی لێده‌کات. زمانی کوردی تا ئێستاش ده‌ربڕینێکی تایبه‌تی نییه بۆ ئه‌م مامه‌ڵه جیاوازه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات به یهکتریو له‌به‌رانبه‌ر یه‌کتریدا، هه‌ر بۆیه‌ش زۆر زه‌حمه‌ته وشه‌ی هه‌ڵاواردن، ئه‌و قورساییه له زه‌ینی گوێگردا پێک‌بێنێت وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م وشه‌یه له زمانه‌کانی دیکه‌ی دنیادا توانای خوڵقاندنی هه‌یه.
هه‌ڵاواردن له زمانه ئه‌وروپییه‌کاندا، ئه‌گه‌ر بواری بازاڕی کار له‌به‌رچاو بگرین، یانی ئه‌وه‌ی که تاکێک مامه‌ڵه‌یه‌کی جیاوازتری پێبکرێت له به‌رانبه‌ر تاکێکی دیکه‌دا به هۆی کۆمه‌ڵێک هۆکاره‌وه که ده‌شێ، په‌یوه‌ندی به:
ئینتیمای ئاینی‌و بیروباوه‌ری که‌سه‌که‌وه هه‌بێت. قبوڵنه‌کردنی کهسێکو فڕێدانی داخوازینامه‌ی کاری ئه‌و به‌وه‌ی که ناوی محه‌مه‌ده.
ئینتیمای ئه‌تنی یاخود ناسیوناڵی که‌سه‌که‌وه هه‌بێ، زۆرێک له په‌نابه‌رانی ئه‌مڕۆی ئه‌وروپاو بێ‌کاری له ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌وان له به‌رانبه‌ر بێ‌کاری هاوڵاتییانی وڵاته ئه‌وروپیه‌کان خۆیاندا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆکاره ساده‌یه‌ی که ئه‌وان سه‌ر به گروپێکی دیکه‌ی ئهتنین.
ڕه‌گه‌ز، نێر یاخود مێ بوون. یه‌کێک له دیارترین مامه‌ڵه به‌رچاوه‌کانی که ئینسان به هۆی ئه‌وه‌وه دووچاری هه‌ڵاواردن ده‌بێته‌وه. چ له ئاستی کاردا، چ له ئاسته‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگادا.
به هۆی ئه‌وه‌ی که که‌سه‌که به هۆی نه‌بوونی ئه‌ندامێکی له‌شه‌وه، که‌مئه‌ندامبوون ، یان کارنه‌کردنی ئه‌ندامێكی له‌ش به‌شێوه‌ی سروشتی خۆی ، چ له‌باری سایکۆلۆژیه‌وه بێت، یاخود له باری به‌ده‌نییه‌وه، ئه‌م پرسیاره له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، ته‌نها له "که‌مئه‌ندام"ی‌دا چهقیبهستووهو به‌شی دووه‌می له پرسیاره‌کانی "که‌مئه‌ندامیدا ونه.
یان به هۆی مه‌یلی سێکسی که‌سه‌که‌وه که ده‌کرێ که‌سێکی هۆمۆسێکسوال ، هێترۆسێکسوال یان بیسیكسوال بێت. ئه‌م پرسیاره له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هێشتا یه‌کیک له ناوچه موحهڕڕهمهکانی کۆمه‌ڵگای کوردییه.
گه‌یشتن به ته‌مه‌نێکی دیاریکراو، 55 به‌ره‌و سه‌رو 20 تا 25 ساڵ. ئه‌م جۆره له مامه‌ڵه‌ی جیاوازی بازاڕ‌و خاوه‌نکار به که‌سانێک که ته‌مه‌نییان زۆره یاخود که‌مه.
به کورتییه‌که‌ی، تهمهنو ئینتیمای ئهتنیو کولتوری‌و ڕه‌گه‌زو سیكسوالیتێتی ئینسان‌و که‌مئه‌ندامبوون، ئه‌و کاتیگۆرییانهن که ده‌کری له‌کۆمه‌ڵگادا تاک دووچاری تووشبوونی به مامه‌ڵه‌ی نایه‌کسان بکاته‌وه. واتا ئه‌م کاتیگۆرییانه هه‌ڵاواردن لهسهرییانهوه کاردهکاتو ئینسانه‌کان له دهستڕاگهیشتنیاندا به ئیمکاناته‌کانی کۆمه‌ڵگادا، ده‌خاته ئاستێکی خواروترهوه. بێگومان به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و سیستمه ئابوورییه‌ی که جیاوازی قبوڵناکاتو جیاوازییه سرشتییه‌کانی نێوان ئینسانه‌کان ده‌کاته که‌ره‌سته‌یه‌کی به‌رژه‌وه‌ندی لێوه‌رگرتن. به‌ڵام له ڕاستیدا، ئه‌م یاسایانه‌ی دژی هه‌ڵاواردن، هیچ شتێک نیین جگه له وردکردنه‌وه‌ی مافه گه‌ردوونییه‌کانی ئینسان که جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ بانگه‌وازی بۆ ده‌کات، له ئاسته مایکرۆکهیداو پراکتیزه‌کردنی ئه‌و مافانه‌یه له ئاستی په‌یوه‌ندی نێوان ئینسانهکانداو له چوارچێوه‌ی یاسا مهدهنیو یاساکانی کاردا.
به کورتییه‌که‌ی، ئه‌گه‌ر سه‌رنجمان هێشتا لهسهربازاڕی کاره‌و یاساکانی دژی هه‌ڵاوادرن مه‌به‌ستمانه له‌م بواراهدا، ئه‌وا خاوه‌نکار نا‌توانیت ئاگادارییه‌ک بڵاوبکاته‌وه که به جۆرێک له جۆره‌کان، به ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، ئاماژه به شوێنپێی ئاینی‌و کولتوری‌و ڕه‌گه‌ز وته‌مه‌نی ئه‌و هێزی کاره بدات که ئه‌و خوازیاریه‌تی.
بۆ نوونه، خاوه‌نکار ئازاد نییه له ئاگادارییه‌که‌یدا بنوسێت: کارمه‌ندێک یان کرێکارێکم ده‌وێت که ته‌مه‌نی 30 ساڵ بێت. یان ئێمه به ته‌نها به شوێن کرێکارێکهوهین که ئه‌ڵمانی یان سویدییه. به‌ڵام ئه‌مه به مانای ته‌واو قه‌ده‌غه‌کردنی ناوی ئه‌و کاتیگۆییانه نیه له ئاگادارییه‌کانی کاردا.
ناوهێنانیان مه‌رجداره به کۆمه‌ڵێک ئاماژه‌وه که ده‌کرێ له ناوه‌ڕۆکه‌که‌یدا، هه‌ڵاواردن بهرههمنههێنێتهوه. بۆ نموونه، به هۆی به‌رزی ڕێژه‌ی ته‌مه‌نی کارمه‌ندانو کرێکارانی کۆمپانیاوهو بۆ گه‌نجکردنه‌وه‌ی وزه‌ی تازه‌ی هێزی کارمان، خوازیارین که‌سانی گه‌نج داوای ئه‌م کاره بکات، به‌ڵام مه‌رج نییه.
یاخود، به له‌به‌رچاوگرتنی زۆری ڕێژه‌ی ژنان له شوێنی کارداو به له‌به‌رچاوگرتنی یه‌کسانی وپێکهێنانی باڵانسێک له په‌یوه‌ند به ڕه‌گه‌زی شوێنی کاره‌وه، خوازیاری که‌سانی سه‌ر به ڕه‌گه‌زی نێرینهین.
پره‌نسیپی سه‌ره‌تایش له دانانی سنوورێک بۆ ڕێپێنه‌دان به ناونه‌هێنانی ئه‌و کاتیگۆریانه‌ی سه‌ره‌وه له ئاگاداریه‌کانی کاردا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و تێڕوانینه ساده‌یه‌ی که کاتێک داخوازییه‌کانی کار که خاوه‌نکار له ئاگادارییه‌که‌یدا به شوێنیه‌وه‌یه‌تی، له تواناییه‌کانی کرێکار‌و کارمه‌نددا دۆزرایه‌وه، له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ر هۆکارێکی دی بۆ پێنه‌دانی کار به‌و که‌سه‌ی داوای کاری کردووه، ده‌چێته خانه‌ی مامه‌ڵه‌ی جیاواز به ئینسانهکانهوهو بێبه‌شکردنیان له ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌و کاره‌ی که ده‌کرێ زۆر ئاسان ئه‌نجامبدرێت.
سه‌رنجێک له ئاگادارییه‌کانی سه‌ره‌وه
له ئاگاداری بانکی سلێمانیدا، به بێ هیج ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک، سنوورێکی ئاسنینی ته‌مه‌نی تێدا مهرجدارکراوهو ته‌مه‌نی :" له 30 ساڵ" زیاتر نه‌بێت" له‌شکرێکی گه‌وره له هێزی کار ده‌خاته ده‌ره‌وه‌ی خواسته‌کانی خۆی. جا تۆ ئه‌گه‌ر باشترین کارمهندیتو هه‌موو مه‌رجه‌کانی ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌ت تێدایه، بێبه‌شده‌کرێت چونکه ته‌مه‌نت 31 ساڵه. چ بێحورمهتییهکو ئیهانهتکردنه به تواناییهکانو ئه‌زموونه‌کانی کاری ئینسانێک که زۆر سه‌رکه‌وتووانه ده‌توانیت کاره‌کانی ئه‌نجام بدات‌و تۆ پێی ده‌ڵیی: ڕاوه‌سته تۆ که‌ڵکت نییه‌و ته‌مه‌نت له سه‌رو سییهوهیه. بازاڕی ئازادی ئه‌وروپا ئه‌م سنووره‌ی له ئاستی سه‌رو 55 وه داناوه‌و بازاڕه ئازاده‌که‌ی کوردوستان‌و سه‌رمایه‌داره تازهههڵکهوتووهکهی ده‌یکاته‌وه به ناقص 30. واتا ئه‌وه‌ی له‌مڕۆی ئه‌وروپادا به هه‌ڵاواردنی ته‌مه‌نه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، ده‌سته‌واژه‌ی زائید په‌نجاو پێنجه. ئه‌مه‌ش چیرۆکی ئه‌و هێزی کاره‌یه که ته‌مه‌نی ده‌گاته 55و سه‌رو تر، به‌ڵام ده‌رفه‌تی په‌یداکردنه‌وه‌ی کار بۆی سه‌ختتر ده‌بێت. بێگومان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌و تێروانینه‌ی که خاوه‌نکار ده‌رباره‌ی به‌رزی ته‌مه‌ن هه‌یه‌تی.
له ئاگادری کۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵک بۆ گه‌شه‌پێدانه‌وه، داخوازی:" پێویسته نیشته‌جێی یه‌کێک له پارێزگاکانی هه‌ولێر یان سلێمانی یان که‌رکوک بێت‌و ئه‌م کاره ته‌نها بۆ ڕه‌گه‌زی مێینه‌یه" تابلۆیه‌کی پر له ئیهانه‌تو هه‌ڵاواردن به ئینسان له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی تۆمارده‌کات. مه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر که‌سیک خه‌ڵکی دهۆک بێت له کوێی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی داخوازی کاردا جێێدهبێتهوه؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر نێر بوو چی؟ ئه‌و پێوه‌رانه چین که‌سێکی خه‌ڵکی دهۆک یان به‌غداد به بوونی ئه‌و تواناییانه‌ی که خاوه‌نکار بهشوێنییهوهیهتی لای ئه‌و، ئه‌و ناکاته شیاوی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و کاره تا بێبه‌شبکرێت له داواکردنی کارێکی وادا. سه‌رمایه‌داری کوردستان کێشه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ کرێکاری بهنگلادیشیو ئهسیوپیو هاوڵاتیانی عه‌ره‌بزمانی شاره‌کانی باشووری عێراقدا نیه‌و" کۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵک بۆ گه‌شه‌پێدان" مه‌رج بۆ شوێنی له دایکبوون‌و ڕه‌گه‌ز داده‌نێت. ئه‌و پێوه‌رانه چین که ده‌بێ سه‌ر به ڕه‌گه‌زی مێینه بێ؟ ئه‌وه که‌ی گرفتی خاوه‌نکاره که که‌سێکی خه‌ڵکی دهۆک شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆی دابینبکات‌و تواناییه‌کانی ئه‌و کاره‌ی تیا بێت‌و داوای ئه‌و کاره بکات.
له ئاگادری ژووری بازرگانی پیشه‌سازی عێراقی ئه‌مریکییه‌وه، خاوه‌نکار نه‌ک هه‌ر له‌سه‌ر ئینتیمای ڕه‌گه‌ز به شوێن هێزی کاره‌وه‌یه، به‌ڵکو به‌هایه‌کی ئایدیۆلۆژی تایبهتیو "ڕهئێکی قاگع" له‌سه‌ر داخوازییه‌که‌ی خۆیشی داده‌نێت. بڕیار بوو ئه‌مریکا مافی مرۆڤ‌و به‌ها ئینسانییه‌کانی کۆمه‌ڵگامان بۆ بێنێت‌و دیموکراتی بۆ عێراق بێنێت، که‌چی ئه‌وه‌تانێ، به ده‌ربڕینی: " کارمه‌ندی پێشوازی میوانان، هاوکاریکردن، (باشتره له ره‌گه‌زی مێ بێت)"، په‌یوه‌ستده‌بێت به له‌شکری "جنسی له‌تیف" بۆ کاری پێشوازی‌و سکرتێرهیی باشه‌و نه‌غمه‌یه‌کی کۆن‌و سواوی جیاوازی نێوان ڕه‌گه‌زه‌کانمان بۆ ده‌کاته کۆتێکی ئاسنین‌و هه‌زاران"کوڕی قۆز" له ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره بێبه‌شده‌کات. کێ پێیوایه ڕه‌گه‌زی مێ باشتره، تۆی پیاو یان ئه‌وی ژن؟ مه‌گه‌ر کچان‌و ژنانیش حه‌زناکه‌ن له پرسگه‌ی کۆمپانیایه‌کدا، نیرێکی له‌تیفی تیا بێت. خاوه‌نکار لێره‌دا به شوێن نازداریی جنسی "لهتیفهوهیه" یان به شوێن هێزی کارێکه‌وه که سه‌رکه‌وتووانه کاره‌کانی ئه‌نجامده‌دات؟
ده‌کرێ ده‌یه‌ها نموونه‌ی دیکه‌ی زیندوو له ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا بهێنرێته‌وه که تیایدا، به حوکمی مه‌رجه‌کانی خاوه‌نکاره‌وه، ده‌رگا له‌به‌رانبه‌ر سه‌ده‌ها توانای سه‌رکه‌وتووی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا داده‌خرێت. چونکه خاوه‌نکار به شوێن داخوازییه بێ بناغه‌کانی خۆیه‌وه له‌سه‌ر ته‌مه‌ن، ڕه‌گه‌ز، که‌مئه‌ندامی، شوێنی له دایکبوون‌و ئینتیمای میللییه‌وه دیوارێکی ئاسنینی له‌به‌رانبه‌ر هاوڵاتییاندا هه‌ڵچنیوه. هه‌موو ئه‌م بێحورمهتیو سووکایهتییانهش به هاوڵاتییانی کوردستان به به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و له‌سه‌ر ده‌ستی له‌شکری رۆژنامه‌نووسانی کوردستانه‌وه ئه‌نجامده‌درێت که بریار بوو دروستکه‌ری کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی‌و قاره‌مانی خه‌باتی دژی گه‌نده‌ڵی بن.
به‌لام بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه ئاشکراتر بیت،با ئاڵ‌وگۆڕێک به ناوه‌ڕۆکی هه‌ندێک له‌و ده‌ربڕینانه‌ی که له ئاگادارییه‌کاندا هاتووه بکهینو له شوێنی‌دا چه‌ند ده‌ربڕینێکی دیکه دابنێین.
با له‌بری ئه‌م دهربڕنیهی که له خواره‌وه هاتووه، :" پێویسته نیشته‌جێی یه‌کێک له پارێزگاکانی هه‌ولێر یان سلێمانی یان که‌رکوک بێت‌و ئه‌م کاره ته‌نها بۆ ڕه‌گه‌زی مێینه‌یه"، ئاوا ده‌ربڕینه‌که‌ی سه‌ره‌وه دابڕێژینه‌وه:" پێویسته پێشمه‌رگه‌ی که‌رتی ژماره ئه‌وه‌نده‌ی که‌رکوک بێت‌و ئه‌ندامی رێکخستنه‌کانی ژنانی یه‌کێتی بێت."
یان "بۆ ئه‌وه‌ی کاری پێشوازی له میوانان به ڕێ‌و ڕه‌سمێکی ئیسلامییانه‌وه ئه‌نجامبدرێت، ده‌بێ ئه‌و ئافره‌ته‌ی داوای ئه‌م کاره ده‌کات حیجابی له‌سه‌ردا بێت‌و ئه‌ندامی یه‌کگرتووی ئیسلامی بێت."
گه‌مه‌کردنی من له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاگادارییانهدا به‌و شێوه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، بۆ نیشاندانی ئه‌و شێوازه له مامه‌ڵه‌ی نایهکسانانهیه که له به‌رگه سیاسییه‌که‌یدا دهیناسینهوهو ده‌کرێ تووڕهیشمان بکات. ئه‌م ڕوخساره‌ی هه‌ڵاواردن له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، به‌رچاوترن ڕووخساره‌کانی مامه‌ڵه‌ی نایه‌کسانانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه به هاوڵاتییانی کوردستان‌و کارێکی سه‌خت نییه، ڕه‌هه‌نده نا ئینسانییه‌کانی بناسینه‌وه. به‌لام کاتێک ده‌یبه‌یته ئه‌و ئاسته‌ی که من له وتاره‌دا به‌شوێنییه‌وه بووم، هه‌ڵاواردن له سه‌ر بنه‌ماکانی ڕه‌گه‌ز، سێکسیزم، ئینتیما بۆ شوێنی جوگرافی، تهمهنو زۆر شتی دی، ته‌واو ڕووخسارهکانیمان له‌به‌رچاو وندهبێتو هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی له‌به‌رانبه‌ردا نیشاننادهین.
دوا وته
به‌شیکی زۆری ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی به حزبی‌و غه‌یره حزبییه‌وه له بهرههمهینانهوهیدا شه‌ریکن، چیرۆکی کۆنترۆڵکردنی ده‌سه‌ڵاتی حزبه بۆ سه‌رتاپای سیسته‌می کۆمهلایهتیو هه‌ڵڵووشینی کۆمه‌ڵگایه له‌لایه‌ن ئه‌م تاکه ئۆرگانه‌وه. بۆیه‌ش په‌یامی بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی ده‌بێته وێردی سه‌ر زار .بارێکی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه ده‌چێته سه‌ر چیرۆکی دانه‌نانی که‌سی شیاو له شوێنی شیاوداو دابهنهشکردنی پۆسته سیاسی‌و ئیدارییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه له‌سه‌ر تواناییه‌کانی ئینسان خۆی‌و له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌نگی ئینتیمای سیاسی تاکه وه‌ک تاکه پێوه‌رێک بۆ وه‌رگرتنی کار.
وه‌کو چۆن له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، ئه‌م جۆره له دابه‌شکردنی کار له کوردستاندا، یه‌کێک له به‌رچاوترین پراکتیکه‌کانی هه‌ڵاواردنێکی ڕاسته‌وخۆیه که له ئاستێکی به‌رینی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ههستیپێدهکرێو ئامانجدارانه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه پیاده‌ده‌کرێ. به‌ڵام بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاگاداری کار له ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌دا به‌و نموونه‌و مۆدێله‌ی که هه‌ندێک له ساده‌ترین نموونهکانیم نیشاندا، ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی ده‌کاته براشهریکی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌ی نایه‌کسان له به‌رانبه‌ر هاوڵاتییانی کوردستاندا. به زمانێکی دی، ئه‌و کولتوری ههڵاواردنبهرههمهێنهره که له ئاسته سیاسییه‌که‌یدا که‌سانی سه‌ر به ڕه‌نگی سیاسی تایبه‌ت ده‌خاته فڵانه وهزارهتهوهو سه‌ده‌ها هاوڵاتی به توانا‌و کارامه‌ی کوردستان له به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆستانه‌دا بێبه‌شده‌کات ، ئه‌مجاره‌یان له ئاسته به‌رینه کۆمهڵایهتییهکهیداو له ڕێگای ڕیکلامه‌کانی بازاڕه‌وه، به جۆرێکی دیکه له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌ڵاواردندا کارده‌کات. دیاره ئه‌ویش له ڕێگای بوون به بڵندگۆو ناوه‌ندی گه‌یاندنی داخوازییه‌کانی خاوه‌نکار که له‌سه‌ر بنه‌مای فاشیزمی تهمهنو سێکسیزمو ئاپارتایدی ڕه‌گه‌زی هه‌ڵچنراوه‌و به ناوه‌ڕۆکی ئاگادارییه‌کانه‌وه به زه‌قی هاوارده‌کات.
خاڵی یه‌کگرتنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌و ده‌سه‌ڵات له‌م پرسیاره‌دا، بێبه‌شکردنی به‌شێکی زۆری هاوڵاتییانی کوردستانه له کارێک که ده‌کرێ ئاسان ئه‌نجامی بدهنو داخوازییه‌کانی خاوه‌نکار که بێ هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌خڕیته سه‌ر کاغه‌ز، وایانلێده‌کات، لێ به‌هره‌مه‌ند نه‌بن. دیاره ئه‌ویش به له‌به‌رچاوگرتنی مۆری ڕه‌زامه‌ندیدان له ناوه‌ڕۆکی ئه‌و ئاگادارییانه‌ی تا سه‌ر ئێسقان به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ی هه‌ڵاواردنه. یانی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به شوێن که‌سی سه‌ر به ڕه‌نگی خۆیه‌وه‌یه‌تی تا بیکات به کارمه‌ندو کرێکاری خۆی، خاوه‌نکاریش، به شوێن که‌سی سه‌ر به گروپی تایبه‌تیه‌وه که ده‌کرێ ته‌مه‌نێكی دیاریکراو، ڕه‌گه‌زێکی دیاریکراو، یان خه‌ڵکی شاریکی دیاریکراو بێت. به‌ڵام له هه‌ردوو باره‌که‌دا، گرووپه جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا، ده‌رفه‌تی مامه‌ڵه‌ی یه‌کسانانه‌یان له‌به‌رانبه‌ردا پێ‌نادرێت. له دۆخی هه‌ڵاواردنی سیاسی‌دا، که‌سانی غه‌یره حزبی قوربانینو له دۆخی ئاگادارییه‌کانی کاری ناو ڕۆژنامه‌کاندا، ده‌یه‌ها گروپی دیکه.
به‌ڵام که‌سێک په‌رچه‌می بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی ههڵکردبێتو له به‌رانبه‌ر فاشیزمی تهمهنو سێکسیزمو ئاپارتایدی ڕه‌گه‌زو هه‌موو ئه‌و کاتیگۆرییه جیاوازانه‌ی دیکه‌دا که هه‌ڵاواردن له‌سه‌رییان کارده‌کات، بیده‌نگی هه‌ڵبژێرێت، باشتره له ژێر ئاڵایه‌کی دیکه‌دا، شوناسێکی دیکه بۆ خۆی بدۆزێته‌وه. به‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری هه‌میشه له خه‌یاڵی قازانجدایهو سنوور‌و پێوه‌ره ئینسانییه‌کان، له هیچ شوێنێکی دنیادا له لایه‌ن پاریزه‌رانی ئه‌م سیسته‌مه‌وه قبووڵنهکراوهو به‌ڵکو به‌سه‌ریاندا فه‌رزکراوه، هه‌ر بۆیه‌ش له چاوکردنی چاویلکه‌یه‌کی دیکه که ده‌کرێ ناوی بنێین چاویلکه‌ی دژی هه‌ڵاواردن له ئاماده‌کردنی گۆشه‌کانی رێکڵامو ئاگادارییه‌کانی کاردا، ده‌کریێ له پرۆسه‌ی ئینسانییکردنهوهی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئینسان‌و بازاڕدا کاریگه‌رییه‌کی تایبه‌تی دابنێ. ئه‌م کۆششه بچووکه‌و ئه‌م بینینه زیاده‌یه، له خۆیدا کۆششێکی ڕادیکاڵانه نییه له به‌رانبه‌ر سیسته‌می چینایه‌تیدا. به‌لکو ته‌نها هه‌وڵدانێکه بۆ به‌خشینی سیمایه‌کی ئینسانییانه به پڕۆسه‌ی ساده‌ترین، به‌لام نه‌بینراوترین کڕین‌و فرۆشتنه‌کان له بازاڕدا که ئه‌ویش کرێنو فرۆشتنی هێزی کاره. به‌ڵام به‌وه‌ی ئازادی ڕادهربڕینو ڕۆژنامه‌گه‌ری‌و په‌یوه‌ندی ئه‌وان له‌گه‌ڵ پرسیاره‌کانی هه‌ڵاواردندا، ناکرێ له یه‌ک جیابکرێنه‌وه وه‌ک نموونه‌کانیمان له‌م وتاره‌دا بینی، ده‌کرێ به‌رپرسیارێتی له به‌رانبه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاگادارییه‌کانی کاردا قورس‌تر بێت. به‌ڵام خۆ شه‌ره‌کانی ئازادی‌و گه‌ڕانده‌وه‌ی حورمه‌تی ئینسانی بۆ ئینسان، بێدهردی سه‌ری نه‌بووه له هیچ شوێنێکدا، مه‌گه‌ر بۆ ده‌بێ له کوردستاندا وا بێ؟
سه‌رچاوه‌کان:
1. ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه ژ 314 لا 14 28 سێپتێمبه‌ری 2008
2. ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژ 463 لا 20 8 سیپتیمبهری 2008
3. ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه ژ 325 لا 16 16 ی ئۆکتۆبه‌ری 2008
4. Arbetsrätt, Lars Åhnberg AB 2008 Sid 75-105
5. Mångfald, integration, rasism och andra ord, Socialstyrelsen 2002, Charles Westin med fl