
قادر عه‌زیز
alanddk@yahoo.com
ساڵی رابردوودا تاچه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پارتی‌و یه‌كێتی ته‌نها دوو هه‌ڵبژاردنیان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامداوه كه له‌هه‌ردووكیاندا هه‌رخۆیان ساخته‌كاری‌و پێشێلكاری زۆریان له‌و دوو هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌نجامدابوو. ته‌نانه‌ت به‌هۆی فراوانی ساخته‌كارییه‌كانیانه‌وه له‌هه‌ڵبژاردنی 2005دا هه‌رسێ پارێزگای هه‌رێم له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه خرانه لیستی ره‌شه‌وه.
بۆیه هه‌ڵبژاردنی 2009/7/25 بۆ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌دوا تاقیكردنه‌وه‌ى (امتحانی) ئه‌و ده‌سه‌ڵاته داده‌نرا كه ئایا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌كه‌ن به‌وێستگه‌یه‌ك بۆ پیشاندانی رووی گه‌شی ئه‌زموونی گه‌له‌كه‌مان به‌دونیای ده‌ره‌وه‌و قه‌ره‌بووی زۆرێك له‌پاشه‌كشه نادیموكراسییه‌كانی تری پێده‌كه‌نه‌وه كه له‌چه‌ند ساڵی رابردوو ئه‌م هه‌رێمه له‌ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وان دوچاری بووه، یاخود ئه‌و هه‌ڵبژاردنه پاشه‌كشه‌یه‌كی تر ده‌بێت له‌بۆ پێشه‌وه‌بردنی دیموكراسی‌و پرۆسه سیاسییه‌كه له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌داخه‌وه سه‌رباری هه‌موو ئه‌و به‌ڵێن‌و دڵنیاییدانه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌خه‌ڵك‌و لایه‌نه‌كان كه هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی‌و خاوێن‌و شه‌فاف به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌چی وه‌ك بینیمان ئه‌و ساخته‌كاری‌و پێشێلكارییه‌ی كه له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌نجامدرا، به‌تایبه‌تیش له‌هه‌ردوو شاری هه‌ولێرو دهۆكدا، زۆر له‌وه‌ی (2005) زه‌قترو به‌رفراوانتر بوو، ئه‌مه‌ش وایكرد ده‌سه‌ڵات ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌قازانجی خۆیی‌و به‌زه‌ره‌ری لیسته‌كان بگۆڕێ‌و له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌زموونی گه‌له‌كه‌مان جارێكی تر له‌به‌رچاوی دونیا ناشیرن بكات.
هه‌ربۆیه ئه‌و ئاكامه وای له‌هه‌ردوو لیستی (خزمه‌تگوزاری‌و چاكسازی)و لیستی (گۆڕان) كرد كه له‌دوو رۆژی رابردوودا له‌ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا ئه‌و ئه‌نجامه ساختانه قبوڵ نه‌كه‌ن كه ده‌سه‌ڵاتداران رایده‌گه‌یه‌نن. دیاره به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ردوو لیست‌و لیسته‌كانی تریش هه‌موو رێگه‌یه‌كی یاسایی‌و سیاسی ده‌گرنه‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ساخته‌كارییه وه‌ك ئه‌وانی تر به‌سه‌ر خه‌ڵك‌و لایه‌ن‌و قه‌واره سیاسییه‌كانی كوردستاندا تێنه‌په‌ڕێت.